پایتەخت

ڕووداوەکەی لالەزار ڕێژەی کۆچکردنی بۆ دەرەوەی وڵات زیاد کردووە

ڕووداوەکەی لالەزار ڕێژەی کۆچکردنی بۆ دەرەوەی وڵات زیاد کردووە
کورتە

ڕووداوەکەی لالەزار کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆی دانیشتوانی شاری سلێمانی دروست کردووە

ڕووداوەکەی لالەزار کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆی دانیشتوانی شاری سلێمانی دروست کردووە و خەڵک بەهۆی نەبوونی ئازادییەوە پەیتا پەیتا ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە ئامەد، کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس ڕایگەیاند، هۆکاری جێهێشتنی زێدی خۆی لە سلێمانی، ئەو توندوتیژییە دڕندانەیە بووە، کە لە هۆتێل لالەزار ڕوویداوە و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاووڵاتیی بەریتانی-کورد و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جێبەجێ کرا.

 

بەگووتەی ئامەد، بافڵ هۆکاری ئەو دۆخەیە کە وای کردووە خەڵک کوردستان جێبهێڵێت و ڕوو بکاتە بەریتانیا، هەروەها ئەو هۆکاری ڕۆیشتنی من بوو و لە سلێمانی تەنیا بە هێنانی ناوی ڕکابەرێکی سیاسی دەخرێیتە زیندانەوە.

 

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای لەلایەن بافڵ تاڵەبانی کردووە، کە هەردووکیان هاووڵاتیی بەریتانین و لە ساڵی 2014ـەوە شانبەشانی بەریتانیا و ئەمەریکا دژی داعش جەنگاو.

 

ڕوونیکردەوە، بەپێی ئامارەکان، بەلایەنی کەمەوە 30 کەس لە توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی شەڕەکەی هۆتێل لالەزار کوژراون و سەدانی دیکەش دەستگیرکراون.


ئامەد داوای لە حکومەتی بەریتانیا و کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کردووە، زیاتر لەو بابەتە دەستێوەردان بکات و پرسیاری ئەوەی کرد: "بافڵ هاووڵاتییەکی بەریتانییە، چۆن شتی وا ڕوودەدات و حکوومەتی بەریتانیا هیچ ناکات؟".

 

ڕۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس دووپاتیکردەوە، سلێمانی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی کۆنترۆڵکراوە، کە پێشتر لە لەندەن پاسەوانی یانەی شەوانەبووە و تۆمەتبارکراوە بە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی ڕکابەرە سیاسییەکانی.

 

ئامەد ڕایگەیاندووە: "کەس لێی ناپرسێتەوە، ئازادە لەوەی دەیەوێت بیکات. نەیارەکانی کوشتووە یان خستوونیەتە زیندانەوە، ئەو وای لە خەڵک کردووە کوردستان جێبهێڵن و بێن بۆ بەریتانیا، ئەو هۆکاری ڕۆشتنی من بوو، من خەڵکێکی زۆر دەناسم کە تەنیا چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆ هەڵهاتن، سلێمانی بووەتە دیکتاتۆریەتێکی سەربازی."

10 تشرینی دووەم 2025 21:51
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025