تەقەکردن لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان قەدەغەکرا
لیژنەی ئەمنی قەزای چۆمان تەقەکردن قەدەغە دەکات
تەقەکردن لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی گشتی بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو، بەم هۆیەوە لیژنەی ئەمنی قەزای چۆمان تەقەکردن قەدەغە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە لیژنەی ئەمنی قەزای چۆمان بڵاویکردەوە، سبەی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، دیاردەیەکی نامۆ بە کۆمەڵگا، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لە هەندێک شوێنی سنورەکەیان دەبیندرێت، وەک تەقەکردن یاخود بێزاری کردنی هاووڵاتییان، ئەمەش سەرەڕای بوون بەمەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکان.
لیژنەی ئەمنی قەزای چۆمان جەختی لەوەکردەوە، دەربرینی خۆشی و شادی دەکرێت بە شێوازی مەدەنیانە بێت، لەو چوارچێوەیەدا مافی هەمووان پارێزراو دەبێت.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی لیژنەی ئەمنی قەزای چۆمان، لە هەبوونی حاڵەتی نەخوازراوی تەقەکردن، تەرتەقە تەقاندن، لێخۆرینی خێرایی زۆری ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەکان، هێزە ئەمنییەکان دەستکراوە دەبن بۆ گرتنە بەری ڕێککاری کاردانەوەی یاسایی، بۆ پاراستنی هێمن و ئاسایشی سنورەکەیان.