پایتەخت

دەست بە فرۆشتنی بەشێکی دیکەی موڵکەکانی چاڤی لاند دەکرێت

دەست بە فرۆشتنی بەشێکی دیکەی موڵکەکانی چاڤی لاند دەکرێت
کورتە

سەرجەم موڵکەکانی پڕۆژەی گەشتیاری "چاڤی لاند" لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە دەفرۆشێت

لە زیادکردنێکی ئاشکرادا ژمارەیەک موڵکی دیکەی چاڤی لاند، بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێن.

ئەمڕۆ دووشەمە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشرێن، کە سەرجەمیان لە کەرتی 1ـی مەڵکەندی و دەباشانـن و تۆمارن بە ناوی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری – هاوپشکی تایبەت.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر داوای وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی کە لەسەر کۆمپانیای چاڤی کەڵەکە بووە، هاوکات بڕی قەرزەکەی وەزارەتی کارەبا لەسەر کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری، 3 ملیار و 580 ملیۆن و 710 هەزار دینارە، جگە لە ڕەسمی جێبەجێکردن.

داواش لە هاووڵاتییان دەکەن، هەر کەسێک ئارەزووی بەشداری کردنی هەیە با سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بکات و لە بەشی ژمێریاری بارمتەی یاسایی بە ڕێژەی 10%ـی نرخی خەمڵێندراوی موڵکەکانی ئاماژەبۆکراو دابنێت و ناسنامەی نیشتیمانی و پشتگیری شوێنی نیشتەجێبوون لەگەل خۆیدا بهێنێت.

سەبارەت بەکاتی دەستپێکردنی زیادکردنەکە، لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکە لە ڕۆژنامەدا دەست پێدەکات و بۆ ماوەی 30 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

10 تشرینی دووەم 2025 14:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025