له سلێمانی 82 ههزار و 547 دەنگدەری تایبەت هەیە
نوسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی دەنگدەرانی تایبەتی شارەکەی بڵاوکردەوە
سلێمانی یەک لەو پارێزگایانەی هەرێمی کوردستانە کە زۆرترین ژمارەی هێزی ئەمنیی تێدایە و لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا ژمارەیەکی بەرچاو دەنگدەری تایبەتی هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پارێزگای سلێمانی بازنەی چواری ھەڵبژاردنە لە عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت تێیدا بریتیە لە 82 هەزار و 547 کەس، هاوکات دەنگدانیان دابەشبووە بەسەر 82 ناوەندی دەنگدان و 378 وێستگە لە سنورەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.
نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ کاتژمێر 7:00ـی سەرلەبەیانی لەسەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان کە دیاریکرابوون بۆ دەنگدانی تایبەت لەپارێزگای سلێمانی و بە ئامادەبوونی چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وە ڕاگەیاندنکارانی ناوخۆی و نێودەوڵەتیی ھەروەھا بریکاری پاڵێوراو و لایەنە سیاسیە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکەشێکی دیموکارسیانەدا دهرگای دهنگدانی تایبهت كرایهوه.
باسی لەوەش کردووە، ھاوکات 22 ڕێکخراوی ناوخۆیی چاودێرن بهسهر پڕۆسهی دهنگدانی تایبهت، لەگەڵ 55 دەزگای ڕاگەیاندن لە پارێزگای سلێمانی ڕووماڵی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەکەن .