هەوڵی کوشتنی سەرۆکی لێژنەی لەسێدارەدانی سەدام درا
دادوەر مونیر حەداد لەلایەن چەند چەکدارێکەوە هەوڵی کوشتنی درا
سەرۆکی ئەو لێژنەیەی سزای لەسێدارەدانی سەدام حوسێنی جێبەجێ کرد هەوڵی کوشتنی درا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە هەوڵی کوشتنی دادوەر مونیر حەداد، ئەو کەسەی سەرپەرشتیی لێژنەی لەسێدارەدانی سەدام حوسێنی دەکرد درا.
دادوەر مونیر حەداد بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە، لەکاتی گەشتکردنم بۆ شاری مەداین، لەنزیک زەعفەرانییە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سۆرنتۆ کە دوو کەسی نەناسراوی هەڵگرتبوو، بەدوام کەوت و تەقەیان لێکردم، هەوڵیان دا بمکوژن، بەڵام ڕزگارم بوو.
دادوەر مونیر حەداد هیچ زانیارییەکی دیکەی نەخستووەتە ڕوو و تاوەکو ئێستا نەزانراوە کە تەقەکەرەکان کێ بوون، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەی تاوانباران لەلایەن پۆلیسەوە دەستیپێکردووە.
شایانی باسە، دادوەر مونیر حەداد وەک جێگری سەرۆکی دادگە لە دادگەی باڵای تاوانەکانی پێشووی عێراق کاری کردووە و سەرۆکایەتی لێژنەی سەرپەرشتیکردنی لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، دیکتاتۆری پێشووی عێراقی کردووە.