پایتەخت

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگ و کورسییەکانی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدا

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگ و کورسییەکانی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدا
کورتە

بە چەند هۆکارێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرجەم دەنگ و کورسییەکانی لە پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان لەدەستدا

 

بەدەستهێنانی کورسییەک و لەدەستدانی سەنگە بەزۆر بەدەستهاتووەکە
لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرەڕای بانگەشە و هەوڵی زۆر، بەڵام نەیتوانی هیچ دەنگێک لەسەر ئاستی بازنەی دهۆک بۆ کاندیدەکانی بەدەستبهێنێت، شانس ڕووی لەو حیزبە کرد و ساڵی ڕابردوو و لە کۆتا خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، بەهەر شێوەیەک بوو ئەو حیزبە توانیی کورسییەک لەو پارێزگایە ببات و بەمشێوەیە هەوڵی دا سەنگێک لە ناو خەڵکی دهۆکدا بۆ خۆی دروستبکات، ئەمساڵ بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ لایەنێکی عێراقی، لەسەر دەنگی کورد، سەرجەم دەنگ و کورسییەکانی هەم لە پارێزگای دهۆک و هەمیش لە دەڤەری بادینان لەدەستدا.  

 

فرۆشتنی دەنگی کورد یەکسانە بە لەناوچوون
ئەمساڵ خولی نوێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و کێبڕکێیەکە تووندتر و بەرفراوانترە، یەكێتی نیشتمانی کوردستان تەنیا بە جووڵەیەک بووە هۆی لەدەستدانی تەواوی دەنگ، کورسی و ئەو لایەنگرانەی لە پارێزگای دهۆک بەدەستیهێنابوون، هۆکاری ئەمەش بەۆ ئەو ڕێککەوتن و مامەڵەیە دەگەڕێتەوە کە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ ڕەیان کلدانی سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیۆنی ژێر باڵی حەشدی شەعبی ئەنجامیداوە، چونکە بەڵگە و ڕاستییەکان دەریدەخەن، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی و سەرپەرشتیاریی بافڵ جەلال تاڵەبانی مامەڵەیەکی پێشوەختەی لەگەڵ بزووتنەوەی بابلیۆن ئەنجامداوە، مامەڵەیەکی گەورەی سیاسی، لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی ئابووریدا،  مامەڵەکەش فرۆشتنی دەنگی کورد لە پارێزگای دهۆک بە بزووتنەوەی بابلیۆنە، بۆ سەرخستنی کاندیدی کۆتای مەسیحییەکان لەو پارێزگایە، کە هەر ئەمەش تووڕەیی و پرسیاری هەستیاری لای ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی دروست کردووە، پرسیاری ئەوەی؛ بۆچی دەبێت دەنگی کورد بە بابلیۆن بفرۆشرێت؟ هەر ئەمە چەند هۆیەکی دیکە، لەدەستدانی پێگەی یەکێتییان لە دهۆک و بادینان لێکەوتووەتەوە. 

 

ڕێککەوتنەکە کۆنە و برینکە تازە بووەتەوە
لەکاتێکدا یەکێتی نیشتمانی لە دهۆک لایەنگر و ئەندامی هەبوو، تەنانەت بەربژێریشی هەبوو و بەربژێرەکەشی کوڕە شەهید بوو، بەڵام لەگەڵ بزووتنەوەی بابلیۆن ڕێککەوتنی کرد، گۆران شەهید جبرەئیل کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای دهۆک بوو، بافڵ تاڵەبانی گرنگیی بەو کاندیدەی خۆی هەر نەدا و تەنانەت ئامادە نەبوو بۆ بانگەشەیەکی هەڵبژاردنیش بچێتە دهۆک و لەگەڵ دەنگدەرانی خۆی قسە بکات، لە گۆشەیەکی دیکەی بابەتەکەوە بزووتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتیی ڕەیان کلدانی، یەکێک لەو ڕێکخراوانەی ژێر پەڕ و باڵی حەشدی شەعبییە، هاوکات کلدانی بە هاوڕێ و هاوپەیمانی بافڵ تاڵەبانی دێتە ئەژمار، بزووتنەوەی بابلیۆن کاندیدی مەسیحییان لە دهۆک هەیە و تاڵەبانی و کلدانی ڕێککەوتوون، کە دەنگی لایەنگران و دەنگدەرانی یەکێتی لە دهۆک بۆ کورسیی کۆتایی مەسیحییەکان بێت و بەمشێوەیە بتوانن کاندیدی کلدانی سەرکەوتوو بکەن، لەئێستادا و بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەی یەکێتی لەگەڵ بابلیۆن، دەنگدەر و لایەنگرانی یەکێتی بە تەواوی پشتیان لە بافڵ تاڵەبانی و حیزبەکەیان کردووە.  

 

هۆکاری فرۆشتنەکە چییە؟ 
چیرۆکەکە بەمشێوەیە خۆی پێناسە دەکات؛ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە سەرووی هەمووانەوە بافڵ تاڵەبانی بە هاوپەیمان و هاوڕێی نزیک لەگەڵ بزووتنەوەی بابلیۆن و ڕەیان کلدانی دادەنرێن، سات و سەودا و مامەڵە و ڕێککەوتنەکانیان پێکەوە هۆیەکی سەرەکیی فرۆشتنی دەنگی کورد لە دهۆک و تووڕەبوونی لایەنگرانی یەکێتییە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پێشوودا توانیی بەدەستیبهێنێت و سەنگێک بۆ خۆی لەناو دهۆکدا دروستبکات، دوای سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامییەوە بوو و تەنیا یەک کورسیی بەدەستهێنا، کە بەم جووڵە و ڕێککەوتنەی ئەمجارەی بافڵ تاڵەبانی ، یەکێتی بە تەواوی دەنگ، کورسی  و لایەنگرانی لەو پارێزگایە و دەڤەری بادینان لەدەستدا، جیاواز لەمەش نەبوونی پێگەی سەرەکی و بنەڕەتدارە، نەبوونی بنەمایەک بۆ متمانەی خەڵک و دووربوونی ئەو حیزبە لە ڕاستی و دروستی و خواستی خەڵکی ئەو ناوچەیە، هۆکاری سەرەکیی شکستی گەورەی یەکێتی بوو لە پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان.

08 تشرینی دووەم 2025 18:41
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025