لە کەرکووک پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا
ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بڕیاریدا دەوامی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕابگیرێت
سبەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بڕیاریدا دەوامی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن ڕابگیرێت.
ئەمڕۆ شەممە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، بڕیاردرا دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی و باخچەکانی منداڵان بۆ ماوەی 2 ڕۆژ بکرێت بە پشوو تا کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک هاتووە، هۆکاری بڕیارەکە ئەوەیە کە زۆربەی قوتابخانەکان کراونەتە بنکەی دەنگدان بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی.
ئیدارەی پارێزگای کەرکووک جەخت لەوەدەکاتەوە، ڕاگرتنی دەوام دەبێتە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان لە پاراستنی ئاسایش و سەرخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی 2025 جێبەجێ بکەن.