بەشداریكردنی 6 میلیشیای عێراقی لە حكومەتی داهاتوو قەدەغە کران
بە بڕیاری ئەمریکا ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراق لە بەشداریکردن لە حکومەت بێبەش دەکرێن
لەپێناو ئاسانکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمریکا ژمارەیەک میلیشیای عێراقی لە بەژداریکردن لە حکومەت قەدەغە کرد.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الحدث" ڕایگەیاند، ئەمریكا بڕیاری دەركردووە 6 گرووپی چەكدار، كە بە تیرۆرست لە قەڵەم داون، قەدەغەیە بەشداری حكومەتی داهاتووی عێراق بكەن.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە، کە دەبێت ئەم بڕیارەی ئەمریکا لەبەرچاو بگیرێت ئەمەش لە پێناو زامنكردنی پەیوەندییەكی دیپلۆماسی سەرکەوتووی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاسانکردنی مامەڵەکردن لە نێوانیان دا.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات و بڕیارە سبەی هەڵبژاردنی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دەست پێبکات و رۆژی سێشەممەی داهاتووش دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت.