ساختەکاری لەم خولەی هەڵبژاردندا بووە بە مەحاڵ
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دڵنایی دا لە مەحاڵیی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە پشتبەستن بە ئامێرە دیجیتاڵییەکانی سەردەم ڕێگرە لەوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پشتڕاستی کردەوە، ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کردووە بە کارێکی مەحاڵ، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و چاودێریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، جەختیشی کردەوە کە کڕینی کارتی دەنگدەر بە تەواوی بێمانایە.
عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە، ڕێکارە تەکنیکی و تەکنەلۆژییەکانی ئێستا وادەکات، کە دەستکاریکردن یان کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ڕێگەی نایاسایی وەک کڕینی کارتی دەنگدەرەوە مەحاڵ بێت، سیستەمی هەڵبژاردن لە عێراق لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا شایەتی گەشەسەندنی بەرچاو بووە، ئەمەش متمانەی گشتی زیاتر دەکات و شەفافیەت مسۆگەر دەکات.
عیماد جەمیل ڕوونیشی کردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە زنجیرەیەک قۆناغی تەکنیکی و چاودێری تونددا تێدەپەڕێت، کە لە دەنگدانەوە دەستپێدەکات، پاشان ژماردن و ڕیزکردنی ئەلیکترۆنی و دەستی و دواجار پشتڕاستکردنەوە و گواستنەوەی داتاکان لە ڕێگەی تۆڕە پارێزراو و تەواو داخراوەکانەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، سیستمی کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوەکان ڕێگری دەکەن لە تێپەڕاندنی هەر کاغەزێکی دەنگدان کە پابەند نەبوونی پێوە دیار بێت، هەروەها ناتوانرێت هیچ کارتێکی دەنگدەر بەکاربهێنرێت چونکە هیچ کاریگەرییەکی نابێت.