زیاتر لە 4 تۆن و 500 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە
سامر داود بەڕێوەبەری دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئامارێكی ترسناکی تاوانی ماددەی هۆشبەری ئاشکرا کرد
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق: زیاتر لە 4 تۆن و 500 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
لە دەسپێکی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4 تۆن و نیو ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر لە عێراق دەستی بەسەردا گیراوە.
بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر یەکێک لەو کێشە و ئارێشە کۆمەڵایەتییانەیە کە بەرۆکی عێراقی بە توندی گرتووە و حکومەتی وڵاتەکەش هەموو هەوڵی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەم گرفتە ببێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ساڵانە بڕێکی زۆر زیاتر لەوەی بڵاودەکرێتەوە و ڕادەگەیەندرێت، ماددەی هۆشبەر دێتە ناو خاکی عێراقەوە و بەکاردەهێنرێت.
لەبارەی ڕێژەی دەستبەسەرداگیراوی ماددە سڕکەر و هۆشبەرەکانەوە سامر داود بەڕێوەبەری دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا توانیومانە دەست بەسەر بڕی چوار تۆن و 572 ک.گ ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆردا بگرین.
ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ئیتر پرسێکی ئاسایی نییە لە عێراق، بەڵکو وەکو پرسێکی ئاڵۆزی ئەمنیی لێهاتووە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەم گرفتە پێی وایە، شەڕ دژی ماددەی هۆشبەر کەمتر لە شەڕ دژی تیرۆریزم نییە و پێویستە ئەرکان و دامەزراوەکانی حکومەت بە تەواوی خزمەت بە نەهێشتنی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر بکەن.
هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان، ژمارەیەکی بەرچاویش لەو کەسانە دەستگیر دەکرێن کە کاری کڕین و فرۆشتنی ئەنجام دەدەن، هەر لەمبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرایکردووە، تەنیا لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا 3 هەزار کەس بەهۆی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون.