کارەبای ڕانیە بوو بە 24 کاتژمێریی
                
            
        بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کارەبای ڕانیە بوو بە 24 کاتژمێری
دوابەدوای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، ئەمشەو پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتە نێو سەنتەری شاری ڕانیە، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین زانیاری دەخاتە ڕوو.
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە ماوەی 3 مانگی ڕابردوو ڕێکارەکانی پڕۆژەی ڕووناکی دەستبەکاربوون، لەمشەوەوە زیاتر لە 135,000 هاووڵاتی لە سەنتەری شاری ڕانیە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکرا لەڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین راشیگەیاند، لە نێو سەنتەری شاری ڕانیە زیاتر لە 100 مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان دەکوژێندرێنەوە لەچوارچێوەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.
بەگووتەی عەلی محەممەد، کارکردن لە تەواوی ئیدارەی ڕاپەڕین بەردەوامە و دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕانیە، دواتر پڕۆژەکە دەگاتە قەزای حاجیاوا، چوارقوڕنە و گوندەکانی دەوروبەری چونکە پڕۆژەکە هەنگاو بە هەنگاو کاری تێدا دەکرێت.