هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک ئاشکرا کرا
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە نێو مریشکدا و بەرزبوونەوەی نرخی گاز نرخی مریشک بەرزبووەتەوە
نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە نێو مریشکدا و بەرزبوونەوەی نرخی گاز هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مریشک چونکە خاوەنی کێڵگەکان 5 مانگە بە زەرەر و زیان مریشکی زیندوو دەفرۆشنەوە.
بەگووتەی نازم عەبدوڵڵا، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ناکرێت خاوەنی پڕۆژەکان زەرەر و زیان بکەن ئەوانیش وەکو ئێمە هاووڵاتیین، پێویستە نرخی مریشکی زیندوو جێگیر بکرێت و تاوەکو بەم شێوەیە بەرز نەبێتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی ڕاشیگەیاند، هاووڵاتییان دڵنیابن کە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە هیچ زەرەر و زیانی بۆ خواردنی گۆشتەکەی نییە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە شێوەیەکی گشتی 2 هەزار و 400 و نرخەکەی ئەگەری هەیە لە دوکانەکان گرانتر بکرێت.