892 قوتابیی دیکە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێژەی وەرگرتنی قوتابییانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە
بەهۆی کەمیی هەڵبژاردنی زانکۆ و پەیمانگەکانەوە سەدان قوتابی وەرنەگیرابوون، بەڵام بە فەرمانێکی وەزیری خوێندنی باڵا بڕیار درا ئەو قوتابییانە لە زانکۆکان وەربگیرێن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن (2025-2026) فەرمانی وەرگرتنی 892 قوتابی کە بەهۆی کەمیی هەڵبژاردنی زانکۆ و پەیمانگەکانەوە وەرنەگیرابوون، لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە دەرچوو.
لەمبارەیەوە عەباس ئەکرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر فەرمانی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە ئامانجی پێدانی دەرفەت بەوانەی بەهۆی کەمیی هەڵبژاردنەوە وەرنەگیرابوون، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا بە وەرگرتنی 860 لە دەرچووانی ئامادەیی زانستی و وێژەیی و 32 لە دەرچووانی پیشەییەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026.