پایتەخت

دادگەیی کردنی شاسوار عەبدولواحید دواخرا

دادگەیی کردنی شاسوار عەبدولواحید دواخرا
کورتە

دوای ئەوەی دوێنێ ڕێگری کرا لە پەخشکردنی بەرنامەیەکی دەنگیی تۆمارکراوی شاسوار عەبدولواحید، ئەمڕۆش دادگەیکردنی دواخرا

بە چەند هۆکارێک دادگەییکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دواخرا.

وابڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر دۆسیەی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و ناوزڕاندن بۆ جاری سێیەم ببرێتە بەردەم دادگە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لە کەسانەی سکاڵایان لەسەری تۆمار کردبوو ئامادە نەبوون و پارێزەرەکانی شاسواریش داوای خۆ ئامادەکردنیان کردبوو، بۆیە دادگەیی کردنەکە دواخرا.

دوێنێ شەو هێزێک لە سلێمانی هەڵیانکووتایە سەر نووسینگەی کەناڵی "ئێن ئار تی" ڕێگریان لە پەخشکردنی بەرنامەیەکی دەنگی تۆمارکراو گرت، کە تێیدا شاسوار عەبدولواحید پەیوەست بە هەڵبژاردن و زیندان قسەی دەکرد.


لەم بارەیەوە پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە کە ئەو هێزەی چوونەتە سەر کەناڵی ئین ئاڕ تی، هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمەوە هەبێت، هاوکات پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکە حزبی بووە و سەر بە یەكێتی نیشتیمانی کوردستان بووە، کە لەو پارێزگایە باڵا دەستە.

ئێوارەی دوێنی یەکشەممە، پۆلیس چوونەتە سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی و پێیان گووتوون کە نابێت بەرنامەکە پەخش بکرێت، کارمەندێک چووەتە ژوورەوە و جلی مەدەنی لەبەردا بووە، ناسنامەیەکی تایبەتی پێ بووە لەگەڵ نووسراوێکی فەرمی و پێی گووتن، بە بڕیاری وەزارەتەکانی ناوخۆ و ڕۆشنبیری، بە پێی یاسا بەکارهێنانی وێنە و دەنگی کەسێکی سزادراو لە زینداندا نابێت بۆ هیچ مەبەستێک بەکار بهێندرێت.

03 تشرینی دووەم 2025 09:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025