بوومەلەرزەیەک لە ئەفغانستان زیاتر لە 300 قوربانی لێ کەوتەوە
بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەفغانستانی هەژاند و زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون
ئەفغانستان دووبارە ڕووبەڕووی بوومەلەرزەیەکی کوشندە بوویەوە و سەدان کەس بوونە قوربانی.
حکومەتی تاڵیبان ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلەی ڕێختەر لە نزیک شاری مەزار شەریف، پایتەختی پارێزگای بەلخ درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕوویداوە و بە گوێرەی وەزارەتی تەندرووستی وڵاتەکە، لە ئەنجامدا تا ئێستا 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 320 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات پێشبینی بەرزبوونەوەی ئەم ڕێژەیەش دەکەن.
هەر بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیەوە حاجی زەید، گوتەبێژی پارێزگای باڵک ڕایگەیاند، بەشێكی کۆشکێکی پیرۆزی پارێزگاکە کە بە (مزگەوتە شینەکە) ناسراوە، ڕووخاوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، زۆرێک لە دانیشتوان مەزار شەریف لە ترسی ڕوودانی بوومەلەرزەی دیکە ماڵەکانیان جێهێشتووە. ڕوونیشی کردەوە، لە کابول هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە.
جێی باسە پێشووتر لە مانگی 9ـی ئەمساڵ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلەی رێختەر شاری جەلال ئاباد لە پارێزگای نانگارهاری ئەفغانستانی هەژاند و لە ئەنجامدا 2 هەزار و 200 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 3000ـی دیکەش بریندار بوون.