قسەکانی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی کەیسەکەی لالەزار بجوڵێنێت
بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی پاڵپشتی خۆی بۆ قسەکانی مەسرور بارزانی دووپاتکردەوە
دوای ئەوەی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ڕووداوەکەی لالەزار هاتەدەنگ، بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی پاڵپشتی خۆی بۆ قسەکانی مەسرور بارزانی دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە شەقڵاوە ڕایگەیاند، ئازادی ئەوە نییە بە تۆپ و تانک بچیتە سەر ئۆپزسیۆن و هۆتێل.
بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێكی بانگەشەی حیزبیەكەی خویدا لە شاری شەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد، کە لە ڕۆژی 22ـی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لالەزاریاندا لە شاری سلێمانی، چەندین کەسیان شەهید و بریندارکرد و سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لەهەڤاڵەکانیان دەستگیرکرد.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جگە لەوێران کردنی چەندین باڵەخانە و تاڵان کردنی، گوزمەیەک پارەی یانەی نەورۆزیشیان بەتاڵان برد، بۆیە ئە م دەربڕینەی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئە م ڕووداوە بجوڵێنن، تاكو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت.