3 کەس بە تۆمەتی لەبەرگرتنەوەی پسووڵەی یاریی دەستگیرکران
بە تۆمەتی لەبەرگرتنەوەی پسووڵەی یاریی لە فێستیڤاڵەکەی هەڵەبجە، 3 نەوجەوان دەستگیرکران
دوابەدوای بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار و پایزەی هەڵەبجە، 3 مێرمنداڵ بە تۆمەتی لەبەرگرتنەوەی پسووڵەی یارییەکانی شاری یاریی هەڵەبجە دەستگیرکران.
ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی لەلایەن خاوەن پارکی شاری یاری هەڵەبجەوە سکاڵا تۆمارکرا کە پسووڵەی یاریەکانی شاری یاری هەڵەبجە لەبەرگیراونەتەوە، توانرا 3 تۆمەتباری نەوجەوان بەناوەکانی (خ. ب، ح)، تەمەن 14 ساڵ، (ئ .ز. خ)تەمەن 13 ساڵ (ئ. ب. ع) تەمەن 15 ساڵ بەبڕیاری دادوەر دەستگیر بکرێن.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی هەڵەبجە، تۆمەتباران پسووڵەی لەبەرگیراویان پێبووە بەبڕیاری دادوەر بەپێی مادەی یاسایی 456 ڕاگیراون، لەلایەن هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەوە هەستان بە دەست بەسەرداگرتنی ئەوکەل و پەلانەی کە لەلایەن لێژنەی ئامادەکردنی فێستیڤاڵ و قائیمقامی هەڵەبجەوە چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو فێستیڤاڵ قەدەغەکراو بوون.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دووپاتیکردەوە، کەلوپەلە قەدەغەکراوەکان وەک چەقۆ، دەمانچە، جگەرە و ڤایپ بۆ تەمەنی خوار 18 ساڵ ڕێگرتن لە چونە ژوورەوەی یاری ئاگرین.