ئەمریکا: حەماس هاوکارییە مرۆییەکان تاڵان دەکات
حەماس ئەو بارهەڵگرە هاوکارییانەی بەرەو غەززە دەچن تاڵان دەکات و ڕێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان دەكات
ئەمریکا بە درۆن چاودێری حەماسی کردووە، کە چۆن ئەو بارهەڵگرانەی هاوکاری مرۆیی دەنێرنە غەززە تاڵان دەکەن.
فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە لە ڕێگەی درۆنەوە تۆمارکراوە، تێیدا دەردەکەوێت لە باکووری خان یونسی کەرتی غەززە ژمارەیەک چەکداری حەماس هەڵدەکووتنە سەر بارهەڵگرێکی هاوکارییە مرۆییەکان و هاوکارییەکان دەبەن.
لە ڤیدیۆیەکەدا دەرەکەوتووە، چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر شۆفێری بارهەڵگرەکە و بارهەڵگرەکە دەدزن، تا ئێستاش چارەنووسی شۆفێرەکە دیار نییە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم بارەیەوە لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، حەماس بەردەوامە لە بێبەشکردنی خەڵكی برسی غەززە لەو هاوکارییە مرۆیانە، ئەو کارەی حەماس دەبێتە هۆی تێکدانی پلانی ئاشتی لە غەززە و دەبێت حەماس چەک دابنێت، بۆ ئەوەی غەززە داهاتوویەکی ڕووناکی هەبێت.
فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هاوکاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، کە نزیکەی لە 40 دەوڵەت پێکدێت، زیاتر لە 600 بارهەڵگری هاوکاریان ناردووەتە غەززە.