ترەمپ: بە نیازی ئۆپەڕاسیۆنێکین گرووپە چەکدارەکان ئاگادار بن

ترەمپ داوای لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کردووە هیچ هەڵسوکەوتێکی هەڵە نەکەن لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی ئەمریکا لە سووریا
بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک لە سووریا، ئەمریکا هۆشداری تووند دەداتە گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە ڕێگەی وەزیری بەرگریی عێراقەوە هۆشداری داوەتە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە بە هێچ شێوەیەک هەڵسوکەوتێکی هەڵە نەنوێن لە کاتی جێبەجێ کردنی ئۆپەڕاسیۆنێکی سەربازی ئەمریکا لە سووریا.
لەسەر پەیامەکەی ترەمپ سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق جەختی کردووەتەوە، کە دەبێت ئەم هۆشدارییەی ترەمپ بە جددی وەربگیرێت و میلیشیاکان ئەم ماوە هیچ شتێک نەکەن.
ئەمە لە کاتێكدایە، ماوەیەک لەمەوبەر سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق، لە ڕێگەی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراقەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەنجامداوە، تێیدا وەزیری جەنگی ئەمریکا پێی ڕاگەیاندووە، کە ئەمریکا بەنیازە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەکەدا ئەنجام بدات، بە تایبەت لە سووریا، بۆیە هۆشدارییەکی تووندی داوە بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە هیچ جووڵەیەکی هەڵە نەکەن، ئەگەر نا خۆیان زیانمەند دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق جەختی لەوە کردووەتە، کە ڕەنگە گرووپێکی سیاسی نوێ کە جیاواز بێت بۆ سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتووی عێراق لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دابمەزرێنێت، وە هیچ شوێنێک بۆ گرووپە چەکدارەکان لە عێراق نییە.