بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان
عومان داوا لە ئێران و ئەمریکا دەکات گفتوگۆکانیان دەستپێبکەنەوە
وڵاتی عومان داوایەکی ئاراستەی ئێران و ئەمریکا کردووە و پێی ڕاگەیاندوون، گەڕانەوەتان بۆ سەر مێزی دانوستانەکان بۆ هەمووان باشترە.
ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردەوە کە میدیا عەرەبییەکان سەبارەت بە ناردنی پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە باسیان دەکرد، هاوکاتیش ڕایانگەیاندووە، هیچ نامەیەکی فەرمی لە ئەمریکا و لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە بە هیچ کەس و لایەنێکی ئێران نەگەیشتوووە.
جیاواز لە ڕەتکردنەوەی ئەو دەنگۆیە، وڵاتی عومان کە میوانداریی پێنج خولی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکای کردووە، لە کۆتا داواکاریی خۆیدا داوای لە هەردوو وڵاتەکە کردووە، کە دیسان دانوستانەکانیان دەسپێبکەنەوە.
بەدر ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان، ئەمڕۆ پانێڵێکدا لە کۆنفرانسی جیۆپۆلەتیک و ئاسایشی جیهانی لە مەنامەی بەحرەین ڕایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ نێوەندگیریی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئەلبوسەیدی ئاماژەی بەوەشکرد، بەوپەڕی جدییەتیەوە پێمان باشە ئێران و ئەمریکا بێنەوە سەر میزی دانوستانەکان، ئێمە داوامان لە هەردووکیان کردووە و چاوەڕێی وەڵامین، چونکە بەمشێوەیە بۆ هەمووان باشترە.
وەزیری دەرەوەی عومان ڕاشیگەیاند، ئامانجی دانوستانەکان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بوو کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران سنووردار بکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان.