زیاتر لە یەک ملیار فرۆشی فێستیڤاڵی هەنار بووە
بۆ ماوەی 3 ڕۆژ فێستیڤاڵی هەنار و پایزەی هەڵەبجە بە پێشکەشکردنی بەرهەمی هەنار و بەرهەمی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو
بۆ ماوەی 3 ڕۆژ فێستیڤاڵی هەنار و پایزەی هەڵەبجە بە پێشکەشکردنی بەرهەمی هەنار و بەرهەمی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو، پارێزگاری هەڵەبجە ئاماری فێستیڤاڵەکەی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ شەممە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بایی یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار بەرهەمی جۆراوجۆر لەفێستیڤاڵەکە فرۆشراون، 700 ملیۆن دینار بەرهەمی کشتوکاڵی، 800 ملیۆن دینار بەرهەمی خواردەمەنی و 200 ملیۆن دینار کاری دەستی.
بەگووتەی نوخشە ناسیح، 81هەزار ئۆتۆمبێل لەماوەی 3 ڕۆژدا چوونەتە نێو هەڵەبجە، 55 مەنشەئە، 204 پاس و 720 مینی پاس، هەروەها 4 هەزار و 900 کەسیش بە مانتۆڕ لە فێستیڤاڵەکە بەشداریان کردووە.
پارێزگاری هەڵەبجە جەختی لەوەکردەوە، 419هەزار و 700 گەشتیار و سەردانیکەر لەماوەی 3 ڕۆژی فێستیڤاڵەکە هاتووەنەتە هەڵەبجە و 35% ـیان سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە.
لە بەشێکی قسەکانیدا نوخشە ناسیح گووتی: " 700 کەپر و ستاند کە فێستیڤاڵەکە دانرابوون، 210 کەس هەلی کاری ڕاستەوخۆ و 3 هەزار هەلی کاری ناڕاستەوخۆی بۆ هاووڵاتییان و کاسبکاران ڕەخساند".