ڕوانگەی عێراقی سەوز: پێویستمان بە 3 مانگ باران بارینی بەردەوام هەیە
بۆ ئەوەی ئاستی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکان بەرزببێتەوە، عێراق پێویستی بە 3 مانگ باران بارین هەیە.
بێ ئاوی و کەمئاوی نوێترین و مەترسیدارترینی ئەو گرفتانەیە کە بەرۆکی عێراقیان گرتووە و زانایان و پسپۆڕانی ئاو و ژینگەش هۆشداریی جدی لەمبارەیەوە دەدەن.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، کە کار لەسەر ژینگە و ئاوی عێراق دەکات لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاندووە، ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دابەزیوە و بەنداوەکانیش ڕوویان لە کەمئاوی کردووە، بۆ ئەوەی ئەم گرفتانە چارەسەر بێت پێویستە بۆ ماوەی 3 مانگی بەردەوام باران بەسەر عێراقدا ببارێت.
ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنی بەرپرسیار لەم کێشەیە حکومەتی عێراقە و بەهۆی پرس و ململانێیە سیاسییەکانەوە ئەم گرفتە مەترسیدارەی لەبیر کردووە، خەریکی وشکەساڵی تەنگ بە هەموو وڵات هەڵدەچنێت و ئەم قەیرانەش تەنیا پەیوەست بە ناوچە یان شوێنێکی عێراقەوە نییە، بەڵکو سەرانسەری وڵاتەکە دەگرێتەوە.
لە ئێستادا ئیتر پرسی ئاو لە عێراق مەترسیدارترین قۆناغی خۆی بەڕێدەکات، چونکە لە ماوەی 90 ساڵی ڕابردوودا قەیرانی لەمشێوەیە لە عێراق ڕووی نەداوە و ئەگەری ئەوە هەیە لە ماوەی مانگەکانی داهاتوودا یەدەگی ئاو لە پارێزگاکانی عێراقدا بۆ 4٪ کەمببێتەوە.
ڕوانگەکە داوا لە سەرجەم لایەن و کاربەدەستانی حکومەتی عێراق دەکات، خەمێک لەم قەیرانە کارەسات خولقێنەرە بخۆن و لەمە زیاتر بێ ئاویی وڵاتەکە پشتگوێ نەخەن.