پایتەخت

لە عێراق هیچ شوێنێك بۆ گرووپە چه‌كدارەکان نییه‌

لە عێراق هیچ شوێنێك بۆ گرووپە چه‌كدارەکان نییه‌
کورتە

نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ عێراق ڕایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی لە سەقامگیری و سەروەری و خۆشگوزەرانی عێراق دەکات

نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری عێراق بە فەرمی یەکەم پەیامی خۆی بڵاوکردەوە و جەختی لە یەکگرتووی عێراق لەژێر یەک دەسەڵات کردەوە.

ئەمڕۆ هەینی مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عێراق لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا عێراق هەنگاوی گرینگی لە بواری سیاسی و ئابووری بۆ ڕێگەی ڕاست ناوە، عێراق وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری دەرکەوتووەتەوە و کار بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری دەرەکی دەکات، هەموو چەک و هێزێک دەهێنێتە ژێر ڕکێفی حکومەتێکی ڕەوا، وە بەمەبەستی دووبارە بوونیادنانەوەی ژێرخانی لاوازی وڵاتەکە بازاڕەکانی خۆی بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان دەکاتەوە.

لە درێژەی قسەکانی مارک ساڤایادا هاتووە، ئەمریکا دڵنیایی داوە کە شوێنی هیچ گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی حکومەتی عێرق بوونی نییە، سەرکەوتن و سەقامگیری عێراق پەیوەستە بە یەکبوونی هێزی ئاسایش هەیە و لەژێر فەرمانی یەک حکومە، یەک فەرماندەی هێزی سەربازی و لە ژێر یەک ئاڵا کە نوێنەرایتەی عێراق دەکات، بەبێ ئەم یەکگرتووییە، سەروەری و بەرەوپێشچوونی عێراق لەژێر مەرسیدا دەمێنێتەوە.

نێردەی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، عێراق وڵاتێکی سەرەکییە لەناوچەکەدا و پێویستە ڕۆڵی سروشتی خۆی ببینێت لەبەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، پێویستە خۆی بەدوور بگرێت لە گەڕانەوە بۆ کردارەکانی ڕابردوو یان گرتنەبەری ئەو ڕێگایانەی ڕێگرە لە پێشکەوتن و یەکڕیزی، ئەرکی من بەناوی سەرۆک ترەمپەوە کارکردنە لەگەڵ عێراق و یارمەتیدانی عێراق بۆ بەردەوامبوون لە گەشتەکەی بەرەو سەقامگیری، سەروەری و خۆشگوزەرانی.

ئەمە لە کاتێكدایە یەکشەممەی ڕابردوو 19-10-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مارک ساڤایای وەک نێردەی تایبەتی بۆ عێراق دەستنیشان کرد، بەمەش ساڤایا بە سێیەم نێردەی ئەمریکی بۆ عێراق دادەنرێت، دوای پۆل بریمەر لە ساڵی 2003 و بریت ماکگۆرک لە ساڵی 2014 لە قۆناغی شەڕی دژی داعشدا.


مارک ساڤایا بازرگانێکی بەناوبانگی ماددەی هۆشبەری جۆری ماریجوانایا لە ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا، بنەچەی دەگەڕێتەوە بۆ کلدانەکانی عێراق و لە بواری پیشەسازی گژوگیادا کاری کردووە و لە هەڵمەتەکانی ساڵی 2024ـی ترەمپدا بۆنە و چالاکیی ڕێکخستووە کە پاڵپشتی لە کۆمەڵگەی عەرەبی - ئەمریکی و کلدانی لە ویلایەتەکەی بۆ ترەمپ کۆکردووەتەوە.

31 تشرینی یەکەم 2025 15:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025