وەجبەیەکی دیکەی زەوی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە دابەشکرا
 
                
            
        ئەمڕۆ سەدان پێشمەرگە لە دەوروبەری هەولێر بوونە خاوەنی زەوی
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردسان بەردەوامە و ئەمڕۆ سەدان پێشمەرگە لە دەوروبەری هەولێر بوونە خاوەنی زەوی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ وەجبەیەکی دیکەی زەوی لە دەوروبەری هەولێر بەسەر ئەو پێشمەرگانەی بەپێی خاڵبەندی دەیانگرێتەوە دابەشکرا.
بەگووتەی لیوا عوسمان محەممەد، ناو و لیستی ئەو پێشمەرگانەی کە ئەمجارە سودمەند بوون، ڕەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت و ناوەکان لە ڕێگەی لیژنەی وەرگرتنی زەوی، بۆ یەکە سەربازییەکان ڕەوانە دەکرێتەوە.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەزار پارچە زەوی لە سێبیران بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی، خانەنشین، پێشمەرگە و ئاسایش دابەشکرا.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕاشیگەیاند، لەو هەزار فەرمانبەرە بە نزیکەیی 400 پیشمەرگە سوودمەندبوون لە وەرگرتنی زەوی.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        