وەزارەتی ناوخۆ لەسەر قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان ڕوونکردنەوە دەدات
 
                
            
        وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دەنگۆی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان ڕوونکردنەوە دەدات
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دەنگۆی قەرەبووکردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی ڕژێمی بەعس ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە کە ماوەیەکە دەنگۆی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە، کە بە هۆی سیاسەتەکانی رژێمی بەعس بە تایبەت لە دوای ڕێکەوتنامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 ئاوارەی وڵاتانی ئێران, تورکیا و سوریا بوون، یاخود لە دوای ڕاپەڕینەکەی1991 گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆردراوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بەو خانەوادە جێبەجێ بکات، هەر بۆیە هیچ وەڵامێکی فەرمی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی پێیان نەدراوە هەواڵەکان دوورن لە ڕاستییەوە.
وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیکردەوە، ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەنەوە نەکەونە بەر لێشاوی پرووپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندی چەند کەس و لایەنێک و دڵنیاتان دەکەنەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرک و بەرپرسیارەتی خۆی هەڵدەستێ و تا بەدەستهێنانی مافەکانتان بە تایبەت مافی قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        