کەشتییەک ژنێکی 80 ساڵانی لە دوورگەیەک بە هەڵە جێ هێشت
 
                
            
        گەشتیارێکی ژن بە تەنیا لە دوورگەیەک جێهێڵدرا و دواتر بە مردووی دۆزرایەوە
دوای ئەوەی گەشتیارێکی بەتەمەن لە گرووپەکەی خۆی جیا دەبێتەوە، کەشتییەکەیان جێی دەهێڵێت.
کەناڵی بی بی سی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئوسترالیا لێکۆڵینەوە لە کەیسێکی ونبوونی ژنێکی 80 ساڵانیان دەست پێکرد، دوای ئەوەی لە دوورگەی "ویزەرد"ـی وڵاتەکە بە تەنیا جێهێڵدرا.
ئەم ژنە لەگەڵ گرووپەکەی پیاسەی کردووە، کە بۆ گەشتێکی 60 ڕۆژە بەدەوری ئوسترالیا دەڕۆیشتن، بەڵام دوای وەرگرتنی پشوویەک، خۆی لە گرووپەکە جیا کردووەتەوە.
کەشتییەکە لە دەورووبەری کاتی خۆرئاوابوون دوورگەکەی بەبێ ژنە 80 ساڵانەکە جێ هێشتووە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بۆ دۆزینەوەی گەڕاوەتەوە دوورگەکە و دوای چەند کاتژمێری دیکەش لە گەڕان بەدوایدا، ژنە 80 ساڵانەکەیان بە مردوویی دۆزییەوە.
تا ئێستا بە دیاریکراوی ئاشکرا نەبوو هۆکاری گیان لەدەستانی بەهۆی چییەوە بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت گەرمی کەشوهەوا بووبێتە هۆی تێکچوونی باری تەندرووستی.
دەزگای سەلامەتی دەریایی ئوسترالیا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەن و پلانیان هەیە لەگەڵ دەستەی کەشتییەکە کۆببنەوە، وە پلانیان هەیە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر هەماهەنگی بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسە و جەختی لەوە کردەوە کە سەلامەتی سەرنشینان و دەستەی کەشتییە بازرگانییەکان بە جدی وەردەگرێت.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        