مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت
رۆژی یەک شەممە مووچەی مانگی 8ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت
وەزارەتی دارایی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژی یەک شەممە 2-11-2025 مووچەی مانگی 8 مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، هاوکات هەمان ڕۆژ مووچەی مانگی 8 و مووچەی مانگی 2ـی ساڵی 2025ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لە دوای 1-7-2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون، کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ڕێکەوتی 26-10-2025 وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 945 ملیار و 817 ملیۆن دیناری وەک تەموویلی مووچەی مانگی 8ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.