کاندیدێکی ناسراوی لیستەکەی سوودانی لە کێبرکێی هەڵبژاردن دوورخرایەوە
 
                
            
        گەنجێكی دیاری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کاندیدی لیستەکەی سوودانی بەهۆکاری "ئەخڵاقیی" دوورخرایەوە
بەهۆی نەبوونی ڕەوشتێکی باش و جوان کاندیدێکی ناسراوی لیستەکەی سوودانی لە کێبرکێی هەڵبژاردن دوورخرایەوە.
دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەهۆکاری ئەوەی بنەمای "ڕەوشتێکی باش و جوانی نییە"، کۆمیسیۆن کاندیدێکی لیستەکەی سوودانی بۆ هەڵبژاردن دوورخستەوە، کە گەنجێکی چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
ئەو گەنجە ناوی ( سامر جیرمنی)ـە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیییەکان بە دروستکردنی ڤیدیۆی بڕگەی لاساییکردنەوە و کۆمیدی ناسراوە و لە یوتیوب 3.3 ملیۆن بینەری هەیە.
دوای ئەوەی کۆمیسیۆن ڤیدیۆکانی ناوبراوی بینیوە، دەڵێت ئەمە لەگەڵ یاساکانماندا یەکناگرنەوە، بۆیە بڕیار دوورخستنەوەیماندا، کۆمیسیۆن ڕایدەگەینێت گەر هەر دەنگێک بۆ ئەو کاندیدە بچێت هەژمار ناکرێت، چونکە لەئێستا بەدواوە دوورخراوەتەوە.
دوورخستنەوەی ئەم کاندیدە دوای ئەوەدێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریداوە تا دوای هەڵبژاردن و دەرچوونی کاندیدەکانیش بۆ پەرلەمان، ئەگەر ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەبارەی کاندیدەکان بەدەستبگات، دەتوانێت کاندیدەکان لە کێبرکێی هەڵبژاردن و گەیشتن بە پەرلەمان دووربخاتەوە.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        