ئیسرائیل لەسەر کوژرانی ئەم سەربازە زیاتر لە 42 کەسی لە غەززە کوشتەوە
 
                
            
        دوای دوو هەفتە لە وەستانی شەڕ بە فەرمانی نەتەنەیاهو ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی کەرتی غەززە کردەوە.
بە بیانووی کوشتنی سەربازێکی ئیسرائیل و نواندنێکی ساختەکاری بۆ دۆزینەوەی تەرمی بارمتەیەک لەلایەن حەماسەوە، ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکردەوە و چەند ناوچەیەکی کەرتەکە بۆردوومان کرا، ئەمەش دوای کوژرانی سەربازێکی ئیسرائیلی لە شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتەکە و نواندنی ساختەی حەماس لە دۆزینەوەی تەرمی بارمتەیەک.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی سوپای ئیسرائیل، سەربازەکە لە ئەنجامی تەقەی مووشەکی RPG و هێرشی قەناس بەدەستەوە لە گەڕەکی "ئەلجوناینا"ـی شاری ڕەفەح کوژراوە، سەربازە کوژراوەکە یەدەگێکی تەمەن 37 ساڵ بووە و وەک بەڕێوەبەری ئامێرە قورسەکان کاری کردووە.
بەر لە ئەنجامدانی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ئەمریکا لەلایەن نەتەنیاهو ئاگادار کرابوویەوە کە دەست بە هێرشەکانیان دەکەنەوە.
بەگوێرەی زانیاری نەخۆشخانەکی کەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردوومانەکان بەلایەنی کەم 42 کەس گیانیان لەدەستاوە و لە نێویشیاندا منداڵ و ئافرەت هەن.
حەماس لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدە هاتە دەنگ ڕایگەیاند: "ئەمانە بۆردوومانی تاوانن و ڕێککەوتنی ئاگربەست پێشێل دەکەن، هەروەها ڕەتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک هێرشیان کردبێتە سەر سەربازانی ئیسرائیلی و جەختیان لە پابەندبوونیان بە ئاگربەست کردەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی دوو هەفەیە شەڕ لە کەرتی غەززە وەستێندرابوو ئەمەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 9-10-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتنی کۆتاییهێنانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەو کەرتە ڕاگەیاند و ڕۆژی 13-10-2025 بە بەشداری ترەمپ و زیاتر لە 20 سەرکردەی وڵاتی جیهان ڕێککەوتنامەی غەززە لە لووتکەی ئاشتی شەرم شێخ واژۆ کرا.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        