لە ڕۆژی دەنگدان ناوچە گەشتیارییەکان داناخرێن
 
                
            
        لەبارەی قەدەغەی سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکان لە ڕۆژی دەنگدان ڕوونکردنەوە دەدرێت
ڕۆژانە سەدان گەشتیار لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەبارەی قەدەغەی سەردانیکردنی ناوچە گەشتیارییەکان لە ڕۆژی دەنگدان ڕوونکردنەوە دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە ڕۆژی دەنگدان ڕێژەی سەردانیکردنی شوێنە گەشتیارییەکان کەم دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی خەڵک لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە و دەنگ دەدەن بەڵام بانگەشەی هەڵبژاردن بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دروست نەکردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید جەخت لەوەدەکاتەوە، تا ئیستا هیچ بڕیارێک بۆ قەدەغەی هاتووچۆ نەدراوە و هیچ ڕیگرییەکیش لەبەردەم هاتنی گەشتیاران لە ڕۆژی دەنگدان نییە.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە گەشتیاران و ڕایدەگەیەنێت، شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی دەنگدان داناخرێن و بەکراوەیی دەمێننەوە.
بڕیارە لە ڕۆژی 11ـی 11ـی 2025، هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە بەشداری سەدان کاندید و لیست ئەنجام بدرێت.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        