خزمەتی کەرکووک تەنها بە پارتی دەکرێت
 
                
            
        شاهۆ نەجم کەرکووکی: خزمەتی کەرکووک تەنها بە پارتی دەکرێت
کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی داهاتووی کەرکووک ڕایگەیاند، خزمەتی شاری کەرکووک تەنها بە پارتی دەکرێت و دەتوانرێت شارەکە بکرێتە نموونەیەک بۆ پێکەوەژیان.
شاهۆ نەجم کەرکووکی، کاندیدی ژمارە دوو لە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، وەک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، دەکرێت کەرکووک بکرێتە نموونەی شارێکی پێکەوەژیان و پارتی دەتوانێت گەورەترین خزمەت پێشکەشی ئەم شارە بکات.
ئەو کاندیدەی پارتی بەڵێنی زۆرترین خزمەت دەدات و دەڵێت؛ "بە ڕێنوێنی سەرۆک بارزانی دەبینە چاودێری ڕاستەقینە و داکۆکیکار لە مافی خەڵکی کەرکووک و هەوڵ دەدەین لە پەرلەمانی عێراق، زۆرترین بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد و خەڵکی کەرکووک بکەین."
سەبارەت بە پەیوەندی مێژوویی پارتی و کەرکووک، بەربژێری ژمارە دووی لیستی 275 پارتی گوت؛ "مێژووی پارتی و کەرکووک مێژوویەکی دوورودرێژە و خەڵکی شارەکەیش بۆیان دەرکەوتووە کە خزمەتی شارەکە تەنیا بە پارتی دەکرێت."
شاهۆ نەجم کەرکووکی گوتی: "بەڵێنمان بەخوا و خەڵکی خۆمان داوە دەبینە خزمەتکار و چاودێری ڕاستەقینەی مافەکانی خەڵکی کەرکووک، بەدواداچوونی ڕژد دەکەین لەسەر چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتی کەرکووک و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دابەشکردنی بە یەکسانی لە ناو شاری کەرکووک و دەوروبەری."
هەروەها ئەو بەربژێرە باسی لەوە کرد، لە دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک شارەکە سەقامگیری بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ خزمەتی کەرکووکییەکان، بۆیە بە سەرکەوتنی کاندیدانی پارتی شارەکە دەچێتە قۆناغێکی تر.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        