عێراق لە ڕیزبەندی هێزی نەرمدا پلەی 97ـی جیهانی بەدەستهێنا
 
                
            
        ڕیزبەندی هێزی نەرمی وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی 2025 بڵاوکرایەوە
پێوەرەکانی هێزی نەرم بۆ ساڵی 2025 لەلایەن کۆمپانیایەکەوە ئەنجامدرا و عێراق پلەی 97ـەمینی بەدەستهێنا.
بەپێی ڕیزبەندییەک کە لەلایەن کۆمپانیای ئینفوفلیکسەوە ئەنجامدراوە، عێراق لە پلەی 97ی جیهانیدا جێگای لە پێوەرەکانی هێزی نەرم بۆ ساڵی 2025 گرتووە، کە لە ڕێگەی ڕۆشنبیری، ئابووری، دیپلۆماسی و میدیا و پەروەردە و داهێنانەوە پێگەی نێودەوڵەتی وڵاتان دەستنیشان دەکات.
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا لە پێشەنگی لیستەکەیە و لە پلەی دەیەمینی جیهانیدایە، ئەمەش بەردەوامە لە پێشەنگیی خۆی لە بوارەکانی ئابووری، تەکنەلۆجیا، وەبەرهێنانی ڕۆشنبیری و میدیاییدا بووە.
هاوکات سعودیە لە پلەی بیستەمدایە لەسەر ئاستی جیهانی، قەتەریش لە پلەی بیست و دووەمدایە، ئەمەش بەهۆی چالاکییە بەرچاوەکانی میدیایی و دیپلۆماسییەوە.
لە ڕیزبەندییەکەدا دەرکەوتووە، کە میسر لە ڕیزبەندی 38ی جیھاندایە، بە پاڵپشتی کاریگەری ڕۆشنبیری و میدیایی، کوێت لە پلەی 40 و عومان لە پلەی 49، هاوکات مەغریب لە پلەی 50 و بەحرەین لە پلەی 51 و ئوردن لە پلەی 58 لە جیهاندا.
لەم وڵاتە عەرەبیانەی خوارەوە، جەزائیر لە پلەی 78 و تونس لە پلەی 79 و لوبنان لە پلەی 91 و عێراق لە پلەی 97 و یەمەن لە پلەی 122 و دواجار سوریا لە پلەی 127ـی جیهانیدا هاتووە.
ئەم پێوەرە یەکێکە لە ئامرازە هەرە دیارەکان بۆ پێوانەکردنی "هێزی نەرم"، کە توانای وڵاتێک دەردەبڕێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر جیهان هەبێت لە ڕێگەی کولتوور و بەها و میدیا و سیاسەتەوە، سەربەخۆ لە هێزی سەربازی.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        