بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بە هۆکارێكی سەیر دوورخرایەوە
 
                
            
        لەسەر وتنەوەی سروودێکی نیشتمانی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە کارەکەی دوور خرایەوە
لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بەهۆی ئەوەی سروودێکی نیشتمانیی بە قوتابیان خوێندبووەوە، لە کارەکەی دوور خرایەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە بابەتی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک میدیا و ناوەندە مافی مرۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیوە، زەیتوون کەهزادی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بووە لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەهۆی وتنەوەی سروودێکی شۆڕشگێڕی لەلایەن کچەکانی قوتابخانەکەوە، لە کارەکەی دوور خرایەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو لەمبارەیەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاشكرای کردووە، زەیتوون کەهزادی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی ڕێی خەبات لەلایەن گرووپێک لە کچە قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیەوە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، کچە قوتابییەکان ئەم سروودەیان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە خوێندبوو.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، زەیتوون کەهزادی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆ، پاش چەندین جار بانگران و لێپرسینەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و مانگانە بڕێک لە مووچەکەی کەم دەکرێتەوە.
بە وتەی هەنگاو، زەیتوون کەهزادی لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دوورخراوەتەوە و ئێستا وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانەدا وانە دەڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی پەروەردە و فێرکردن هەموو مانگێک نزیکەی چوار ملیۆن تمەن لە مووچەکەی کەم دەکەنەوە.
هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لە قۆناغەکانی یەکەمدا، بڕیاری دەزگا پەیوەندیدارەکان دوورخستنەوەی تەواوی زەیتوون کەهزادی بوو لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، بەڵام پاش پێداچوونەوە، ئەم بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا هات و لە کۆتاییدا بوو بە دوورخستنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە.
شایانی باسە کە ژمارەیەک لە کچە قوتابییەکانی قوتابخانەی سەرەتایی فیردەوسی لە جوانڕۆ، زستانی ڕابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و بە هاوکاری یەکێک لە مامۆستاکانیان بە ناوی مێهری خوسرەوی زادە، سروودی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازانەی ڕێی خەباتمانـیان پێکەوە خوێند.
سروودی ڕێی خەبات یەکێکە لە سروودە ئازادیخوازانەکانە کە پەیامێکی خۆڕاگری، یەکێتی و هیوای داهاتوویەکی دادپەروەرانە دەگەیەنێت و هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بەرخۆدان و ناسنامەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی ئەژمار دەکرێت، جێبەجێکردنی ئەم سروودە لەلایەن دەزگا حکوومییەکانی ئێرانەوە بە کاردانەوەی ئەمنی و گوشار خستنە سەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان ئەژمار کراوە.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        