جووت سایدی حاجی ئۆمەران دەکرێتەوە
 
                
            
        بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران وادەی کردنەوەی جووت سایدی حاجی ئۆمەرانی ڕاگەیاند
پڕۆژەی جووت سایدی نێو بازاڕی حاجی ئۆمەران یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارەکانی لە کۆتاییدایە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران وادەی کردنەوەی ڕێگەکە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، پڕۆژەی دروست کردنی جووت سایدی ناو بازاری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بودجەکەی لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار دابینکراوە، تیمی ئەندازەیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران سەرپەرشتی کارەکانی دەکات.
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە؛ ڕووبەری 2500م لە دروست کردنی دیواری پاڵپشت، تۆڕی ئاو، ئاوەڕۆ، تۆڕی ڕووناکی، سەوزایی و قیرتاوکردنی شەقام.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ڕاشیگەیاند، تاوەکو ئێستا ڕێژەی 90% پڕۆژەی جووت سایدی حاجی ئۆمەران تەواو بووە و بڕیارە لە مانگی 11 بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        