ئیسرائیل زیاتر لە 6 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی سووریا و بازگەشی داناوە
 
                
            
        ئیسرائیل وردە وردە خاکی سووریا داگیر دەکات و بازگەش دادەنێت
ئیسرائیل بەردەوامە لە هاتنە نێو خاکی سووریا و لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوو بە تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوونەتە نێو خاکی سووریا.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە, هێزەکانی ئیسرائیل بە بەکارهێنانی 3 تانک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی نزیکەی 6.5 کیلۆمەتر هاتوونەتە ئەو دیو سنوور و گەیشتوونەتە ڕێگای نێوان شاری خان ئەرنەبە و شارۆچکەی جەبا لە باکووری قونەیتەرە.
هاوکات لەڕێگەی گوندی سەمدانییە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە ژوورەوە و خاڵێکی پشکنینیان لە شوێنی بازگەیەکی کۆن داناوە کە بە بازگەی ئەلسەقەری ناسراوە و دەکەوێتە چوارڕییانی نێوان ڕێگای خان ئەرنەبە-جابا و ڕێگەکە بەرەو دیمەشق دەڕوات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی و ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە ڕۆژئاوای تەلئەحمەرەوە بەرەو بنکەی ڕۆژهەڵاتی تەل ئەحمەر لە باشووری گوندی قونەیترە پێشڕەوییان کرد، ئەمەش نیشانەی زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیلە بە درێژایی بەرەکانی پێشەوەی خاکی سووریا، بەبێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        