پایتەخت

بۆ سێیەم جار بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەشار ئەسەد دەرکرا

بۆ سێیەم جار بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەشار ئەسەد دەرکرا
کورتە

سێیەم جارە دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا بە تاوانی کۆمەڵکوژی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی سووریا دەردەکات

 

سێیەم جارە دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا بە تاوانی کۆمەڵکوژی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی سووریا دەردەکات. 

 

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، دەسەڵاتی دادوەری فەرەنسا بە تاوانی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و هێرشی کیمیایی بۆ سەر خەڵکی سڤیل، بڕیاری نێودەوڵەتیی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا دەرکردووە. 

 

ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکە زیاتر پەیوەندیی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵی 2013 ـەوە هەیە، کە ئەوکات ئەسەد دژی خەڵک ئەو تاوانەی ئەنجامداوە، هاوکات ئەمە بڕیارێکی نێودەوڵەتییە و سێیەمین جارە، کە دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا بڕیارێکی لەم شێوەیە دەدات. 

 

ئاژانسەکە زیاتر ڕوونی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەم بڕیارە بەشار ئەسەد تۆمەتبارە بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەکانی عەدرا و دوما لە ساڵی 2013، کە زیاتر لە 450 کەس بەهۆیەوە بریندار بوون، هەروەها بەکارهێنانی گازی سارین دژی هاووڵاتییانی سووریا یەکێکی دیکە لەو تاوانانەی ئەسەد بووە کە لە هەمان ساڵدا ئەنجامی داوە. 

 

لەدوای ڕووخانی حکومەتەکەیەوە، لەئێستادا ئەسەد لە مۆسکۆی ڕووسیا دەژی و ئەمە سێیەمین جارە دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەردەکات.

23 تشرینی یەکەم 2025 22:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025