پایتەخت

ڕووسیا بە درۆن 2 ڕۆژنامەنووسی ئۆکراینیای کوشت

ڕووسیا بە درۆن 2 ڕۆژنامەنووسی ئۆکراینیای کوشت
کورتە

درۆنێکی ڕووسی توانی ئاسمانی شاری کاماتۆرسکی ئۆکراینا ببڕێت و دوو ڕۆژنامەنووس بکوژێت

لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی ئۆکراینا، 2 ڕۆژنامەنووسی وڵاتەکە لە هێرشێکی درۆنی ڕووسیا کوژران.

پێگەی کیڤ پۆست ڕایگەیاند، درۆنێكی جۆی لانسێتی ڕووسی توانی ئاسمانی شاری کاماتۆرسکی ئۆکراینا ببڕێت و ئۆتۆمبێلی هەردوو ڕۆژنامەنووس (ئۆلێنە هوبانۆبڤە) و کامێرامانەکەی بە ناوی (یهڤێن کارمازین) بتەقێنێتەوە و لە ئەنجامدا هەردووکیان گیانیان لەدەستدا، ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش بە ناوی (ئەلێکساندەر یڤگێن) بەهۆی ڕووداوەکەوە بریندار بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ڕۆژنامەنووسەکە تەمەنی 43 ساڵ بوو و کامێرامانەکەی 33 ساڵ بوو، لە کاتی هێرشەکەدا لە بەنزینخانەیەکەی وڵاتەکە وەستابوون، هاوکات لە یەکەم ڕۆژی جەنگی ئۆکراینا ڕووماڵی هەواڵی ڕۆژانە و دواین پێشهاتەکانی جەنگەکەیان دەکرد.

دوێنێ چوارشەممەش نزیکەی کاژێر 10:50 خولەکی بەیانی، هێزەکانی رووسیا هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا بۆ سەر ناوچەی خۆلۆدنۆهیرسکی لە خارکیڤ بە بەکارهێنانی درۆنەکانی جۆری شاهد، یەکێک لە درۆنەکان بەر باڵەخانەی باخچەیەکی ساوایانی تایبەت کەوت، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و لە ئەنجامدا یەک کەس گیانی لەدەستدا، 7ـی دیکە بریندار بوون، کە دووانیان لە دۆخێکی سەختدا گەیێندرانە نەخۆشخانە.

23 تشرینی یەکەم 2025 16:56
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025