باڵاترین بەرپرسی زیندانی سیدنایای سووریا دەستگیرکرا

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی باڵای ڕاگەیاند، کە تێوەگلاوە بە لە سێدارەدانی دەستگیرکراوەکان لە زیندانی سیدنایای سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی بەشار ئەسەد، باڵاترین بەرپرسی زیندانی سیدنایا دەستگیرکرا
وەارەتی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەکەدا ڕایگەیاندووە، کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاوی کردووەتەوە، لقی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پارێزگای دیمەشق، دوای کاری وردی هەواڵگری و چاودێریی بەردەوام توانیان ئەکرەم سەلوم عەبدوڵڵا دەستگیر بکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئەکرەم سەلوم عەبدوڵڵا چەند پلە و پۆستێکی جیاوازی هەبووە، دیارترینیان: فەرماندەی سەربازی پۆلیس لە وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە لە نێوان ساڵانی 2014 -2015 و باڵاترین بەرپرسی زیندانی ترسناک و خوێناوی سیدنایا بووە.
وەزارەتی ناوخۆ ئەکرەم سەلوم عەبدوڵڵای بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانێت لەفەرمانی دان بە لە سێدارەدانی بەندکراوانی سیدنایا، هاوکات کۆمەڵەی دەستبەسەرکراوان و بێسەروشوێنکراوانی زیندانی سیدنایا ئەوەی خەملاندووە، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011 بەدواوە 30 هەزار کەس لەسیدنایا بەندکران و دواتر تەنیا 6 هەزاریان ئازاد کراون.
پێشووتریش لە 16-10-2015، ئاسایشی ناوخۆی سووریا توانیان (نومەیر بەدیع ئەسەد)، ئامۆزای بەشار ئەسەد لەگەڵ چەند ئەندامێکی باندی تاوانکاریی لە لادێکانی لازقیە دەستگیر بکەن، بە یەكێک لە دیارترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە سووریا دادەندرێت و لە چەندین تاوانی جیاوازدا تێوەگلاوە، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕوویانداوە.