ناوی سەدان کەس بۆ حەجی ساڵی داهاتوو ڕەتکرایەوە

ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی تیروپشک بۆ ئەو کەسانەی ناوی خۆیان لە حەجی ساڵی داهاتوو تۆمارکردووە بەردەوامە
ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی تیروپشک بۆ ئەو کەسانەی ناوی خۆیان لە حەجی ساڵی داهاتوو تۆمارکردووە بەردەوامە، سەدان کەسیش ناوەکانیان ڕەتکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تا ئێستا ئامادەکارییەکان بەردەوامن و پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی ناوی خۆیان تۆمارکردووە دەکرێت.
کاروان ستوونی ڕاشیگەیاند، ناوی سەدان کەس لە نێو سیستەمەکە ڕەتکرایەوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک کەس پێشووتر حەجیان کردووە و دووبارە ناویان تۆمارکردووەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی تیروپشک ئاماژە بەوە دەدات، هێشتان وردبینی ماوە و وادەیەکیان دیاری نەکردووە.
89 هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ حەجی ساڵی 2026 تۆمارکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تیروپشک بۆ ناوەکانیان ئەنجام بدرێت.