تەرمی بە تەمەنترین بارمتەی ئیسرائیلیی ڕادەستکرایەوە

باپیرەیەکی تەمەن 85 ساڵانی ئیسرائیلیی دوای کوشتنی لەلایەن حەماس، تەرمەکەی ڕادەستکرایەوە
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل و ڕادەستکردنەوەی بارمتەکان، حەماس بەتەمەنترین بارمتەی ڕادەست کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، پاشماوەی تەرمی ئەرای زێلمانۆڤیچ، بەتەمەنترین بارمتەی ئیسرائیلیی ژێر دەستەی حەماس و تەرمی بارمتەیەکی دیکەش گەڕێندرایەوە دەستی ئیسرائیل.
ئەرای زێلمانۆڤیچ، تەمەنی 85 ساڵ بوو و باوکی دوو منداڵ و باپیرەی 5 نەوە بوو، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە نێو ماڵەکەی خۆی لە لەلایەن چەکدارانی حەماس دەستبەسەر کرا و ئیسرائیل بڕوای وایە هەر لە ژێر دەستی حەماس لە ڕێکەوتی 10ـی 11ـی هەمان ساڵ بە بارمتە کوژراوە.
بە ڕادەستکردنەوەی ئەم دوو تەرمە تا ئێستا حەماس 15 بارمتەی زیندوو و تەرمی 28 بارمتەی مردووی ڕادەستی ئیسرائیل کردووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوانیان لە 9-10-2025.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، دەبووایە حەماس لە ماوەی 72 کاتژمێردا سەرجەم بارمتەی زیندوو و تەرمەکانی ئیسرائیلیان ڕادەستکربایەوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵگری ئیسرائیل ئەوەی خەملاندن کە حەماس ناتوانێت شوێنی هەموو بارمتەکان دیاریی بکات، حەماس خۆشیان ڕایانگەیاند، کە پێویستیان بە ئامێری تایبەت و یارمەتی هەیە بۆ دۆزینەوەی ئەو بارمتانەی ماون، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووش ئیسرائیل و حەماس پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنەکە دووپات کردەوە سەرەڕای دەنگۆی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن هەردوولاوە.