پایتەخت

دوای ئەنجامدانی 160 تاوان خێزانێکی سووری ئەڵمانیایان جێ هێشت

دوای ئەنجامدانی 160 تاوان خێزانێکی سووری ئەڵمانیایان جێ هێشت
کورتە

17 ئەندامانی خێزانێکی سووری بە مەرجی وەرگرتنی پارە ڕازی بوون بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان

ئەندامانی خێزانێکی سووری دوای ئەنجامدانی چەندین تاوانی جیاواز و وەرگرتنی پارە لە حکومەت ڕازی بوون بگەڕێنەوە سووریا.

ماریۆن گێنتگێس، وەزیری دادی ویلایەتی بادن-ڤویرتمبێرگی باشووری ئەڵمانیا رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەندامانی خێزانێکی سووری  160 تاوانیان لە شاری شتوتگاری ئەڵمانیا ئەنجامدابوو، حکومەتی وڵاتەکە  کۆتایی بە نیشتەجێبوونی 17 کەسی خێزانەکە هێنا و بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو و بەپێی بەرنامەی "دەرکردنی بیانییە مەترسیدارەکان" هەر 17 ئەندامیان لە ئەڵمانیا دەرکرد و بەرەو سووریای ناردنەوە.

 بەپێی وەزارەتی دادی ویلایەتی بادن-ڤویرتمبێرگ، لە ئێستادا سێ لە ئاندامانی خێزانەکە لە زیندان ماون، ئەوانیش کوڕێکی 18 ساڵان، کە لە ماوەی 2 ساڵ و نیودا 34 تاوانی ئەنجامدابوو، لە مانگەکانی 6 و 7 ئەمساڵ لەگەڵ دوو برای دیکەی لە تەمەنەکانی 23 و 27 ساڵان بەهۆی ئەنجامدانی هێرشێکی چەقۆوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

 ئەم خێزانە تەنیا بە مەرجی وەرگرتنی پارە ڕازیبوونە بگەڕێنەوە سووریا، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی ئەڵمانیا نزیکەی 23 هەزار یۆرۆی وەک هاوکاری بەم خێزانە داوە، واتە بە تێکڕا 1.350 یۆرۆ بۆ هەر کەسێک خەرج کراوە.

ئەندامانی ئەو خێزانە سوورییە پێشینەی تاوانەکانی وەک دزی، تووندوتیژی، هەوڵی کوشتن و دزیکردنیان هەبووە و لە نێوان ساڵانی 2015 و 2020 وەک پەنابەر چوونەتە ئەڵمانیا و لە باکووری شاری شتوتگارت نیشتەجێ بوون.

22 تشرینی یەکەم 2025 10:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025