5 کەس بە تۆمەتی کوشتنی کاندیدەکەی عێراق دەستگیرکران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق 5 کەس بەتۆمەتی کوشتنی سەفا مەشهەدانی دەستگیرکرد
دوای کوشتنی کاندیدێکی عێراق و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی، وەزارەتی ناخۆی عێراق ژمارەیەک کەسی گومانلکێکراوی دەستگیرکرد.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، هێزێک لە یەکەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی وردیان ئەنجامداوە، کە لە ئەنجامدا 5 گومانلێکراو دەستگیرکرد، کە گوایە دەستیان لە کوشتنی مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی حزبی (هاوپەیمانیی سیادە) هەبووە.
لە درێژەی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێرقدا هاتووە، دەستگیركردنی تۆمەتباران بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەتمەند و بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان دوای دەستنیشانكردنی شوێنی مانەوەیان ئەنجامدراوە.
هاوکات میدیای عێراقیش ئاماژەی بە دەستگیرکردنی 9 کەس لە دۆسیەی کوژرانی سەفا مەشهەدانی کردووە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزیی ڕاگەیاندووە، لەو ژمارەیە 5 کەسیان سەر بە هێزەکانی"حەشدی تارمییەن"ـن کە هێزێکی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبییە و پێکهاتەکەی تێکەڵەیەکە لە شیعە و سوننە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕێکەوتی 15-20-2025، میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، درەنگانی شەو سەفا حوسێن مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی حزبی (هاوپەیمانیی سیادە) بۆ پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی بۆمبی چێنراوەوە ئۆتۆمبێلەکەی تەقێنرایەوە و کوژرا.
بە گوێرەی زانیاری میدیاکانی عێراق، هەندێک پێیانوایە سەفا حوسێن مەشهەدانی داوای چوونە دەرەوەی حەشدی شەعبی لە تارمیەی کردووە بۆیە تیرۆر کراوە، هەندێکیش دەڵێن داوای گەڕانەوەی خەڵکی بۆ ناوچەی جەرف سەخەری باکووری پارێزگای بابلی کردووە، کە ئەم ناوچەیە پێشتر سوونی نشین بووە و ئێستا بووەتە قەڵا و سەربازگەی گرووپەکانی نێو حەشد.