حکومەتی هەرێم نزیکەی 11 ملیار دینار بۆ تووشبووانی تالاسیمیا خەرج دەکات

48 کەس لە تووشبووانی نەخۆشی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان نێردرانە دەرەوەی وڵات
لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم کاروانێکی دیکەی توشبووی نەخۆشی تالاسیمیا نێردرانە دەرەوەی وڵات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاند، بۆ نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک بۆیان، دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکی و ڕێککارە زانستییەکان، 48 کەس لە تووشبووانی نەخۆشی تالاسیمیای هەرێمی کوردستان، بەخشەران و هاوەڵەکانیانن، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوەیان، مانەوە و پشکنین، نەشتەرگەری و چارەسەرەکانیان بودجەی پێویستی بۆ دابینکراوە و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات.
ئەم کاروانەی ئەمڕۆ نێردران، بەشێکن لەو 140 توشبووی تالاسیمیا، کە حکومەتی هەرێم دەیانێرێتە دەرەوەی وڵات و بودجەی تەواو بۆ نەشتەرگەری و مانەوە دابین دەکات کە نزیکەی 11 ملیار دینارە، نەخۆشخانەکانیش دەنێردرێنە ژمارەیەک نەخۆشخانەی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتیی JCI لە وڵاتەکانی تورکیا و هیندستان.