بنەماڵەیەک بەهۆی هەژارییەوە منداڵە سێ مانگەکەیان فرۆشتووە

بنەماڵەیەک بەهۆی نەداری و هەژاریی لەڕادەبەدەر منداڵێکی سێ مانگەی خۆیان بە بنەماڵەیەکی دیکە فرۆشتووە
ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، کە تایبەتە بە پرسە مافی مرۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگای کرماشان بنەماڵەیەک بەهۆکاری هەژاریی زۆر و نەتوانین لە دابینکردنی خەرجییەکانی ژیان، منداڵێکی تەمەن 3 مانگی خۆیان بە نرخی 250 ملیۆن تمەن بە بنەماڵەیەکی دیکە فرۆشتووە.
هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بەبێ بڵاوکردنەوەی ناو و ناسنامەی ئەو بنەماڵەیە، ئاماژەی بە وردەکارییەکان کردووە و ڕایگەیاندووە، لەم هەفتانەی دواییدا منداڵێکی سێ مانگە لە شاری کرماشان کە ناسنامەکەی لە لای هەنگاو پارێزراوە، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە نرخی ٢٥٠ میلیۆن تمەن فرۆشراوە، هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە ئەم مامەڵە پاش بڵاو کردنەوەی ڕیکلامی فرۆشتنی منداڵ لە ماڵپەڕی ئینتێرنتی کڕین و فرۆشتن دیوار ئەنجام دراوە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەیدا هەنگاو ئاشکرای کردووە، بنەماڵەی فرۆشیار کە خەڵکی ناوچەکانی دەورووبەری شاباد لە پارێزگای کرماشان بوونە و لە ئێستادا لە کرماشان نیشتەجێن، بە هۆی کێشەی زۆری ئابووری و کەم داهاتی لە سەرپەرشیاری، ناچار بوونە منداڵەکەی خۆیان بفرۆشن، بنەماڵەی کڕیاریش دانیشتووی کرماشانن و بە هۆی منداڵ نەبوون لە ساڵەکانی ژیانی هاوسەرگیرییاندا، هەوڵیان بۆ کڕینی ئەم منداڵە داوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەم مامەڵە بە بێ چاوەدێری فەرمی ناوەندە حکومییەکان و پشتگیرییەکان ئەنجامدراوە و هەتا ئێستا هیچ جۆرە بەدواداچوون یان کاردانەوەیەکی خێرا لە لایەن بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووی نەداوە.
جێی باسە، چاودێرانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان لە ئێران ماوەیەکی زۆرە هۆشداری لە دیاردەی منداڵ فرۆشتن دەدەن و دەسەڵاتداری و حکومڕانیی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکیی ئەم تاوانانە ناو دەبەن.