پێشبینیی بارانێکی بەخوڕ بۆ چەند ناوچەیەکی کوردستان دەکرێت

پێشبینی دەکرێت لە ناوەندی بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەش بارانی بەخوڕ ببارێت
پێشبینی دەکرێت لە ناوەندی بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەش بارانی بەخوڕ ببارێت و هۆشداریی دروستبوونی لافاو دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، سبەی سێشەممە کاریگەری شەپۆلێکی دەریای ناوەراست دەگاتە هەرێمی كوردستان و لە کاتەکانی نیوەڕۆ بەدواوە ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو.
ئەو کەشناسە پێشبینیی ئەوە دەکات، دوای نیوەڕۆی سبەی سێشەممە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و ئیدارەی سۆران و ئیدارەی ڕاپەرین باران ببارێت، بەهەمان شێوە لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجە ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور و لە هەندێك شوێن هەورەبروسکە چالاک دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباراندا.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هاتنی ئەم شەپۆلەوە، سبەی پلەکانی گەرما 2 پلە نزم دەبنەوە و خێرایی باش مامناوەند دەبێت، هاوکات هۆشداریشی داوە لە بارینی تەرزە و بارانی بەخوڕ لە هەندێك شوێندا كە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاوی خێرا، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان لە هەندێك شوێن ئاگاداربن.
جەختیشی كردەوە كە شەپۆڵەكە بۆ ئێوارەی رۆژی چوارشەممە كۆتایی دێت و كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.