ئەو کەسەی دەگووترا 70 دەفتەری بردووە خۆی ڕادەست کرد

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونکردنەوە دەدات
لە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بردنی 70 دەفتەری هاووڵاتییانی سنووری پشدەر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونکردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دەنگۆی بردنی 70 دەفتەری هاووڵاتییان دوورە لە ڕاستییەوە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر بردنی ئەم پارەیە نەکردووە و بەڵکو سکاڵای دیکە لەسەر تۆمەتبار کە خاوەنی کارگەیەکی مسە تۆمارکراوە.
دەنگۆی بردنی 70 دەفتەری هاووڵاتییان لە سنووری پشدەر لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی "دروستکردنی کارگەی مسەوە" بڵاوکرایەوە.
شۆڕش ئیسماعیل ڕاشیگەیاند، 2 کرێکاری کارگەیەکی مس لە گوندی ئەشکەنەی سەر بە قەزای پشدەر، لەسەر وەرنەگرتنی پارەی ڕۆژانەکەیان سکاڵایان لەسەر خاوەنی کارگەکە تۆمار کردووە.
بەگووتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، ئەم 2 کرێکارە ژن و مێردن و کاریان بۆ کارگەکە کردووە، یەکێکیان خاوەن پێداویستی تایبەتە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەم گوتەبێژە هاتووە، 2 سکاڵای دیکە تۆمارکراوە کە خاوەنی کارگەکە کەرستەی بۆ کارگەکەی کڕیوە بەڵام پارەی نەداوە.
محەمەد عەلی، زەرەرمەند بە پایتەخت میدیای راگەیاند، سکاڵای لە خاوەنی کارگەکە تۆمارکردوو و چونکە 16 دەفتەری لێ بردووە و داوای گەراندنەوەی پارەکەی دەکات.
شۆڕش ئیسماعیل لەسەر دەستگیرکردنی تۆمەتبار بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ خاوەنی کارگەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد و لە ئێستادا بەپێی ماددەی 456)) ڕاگیراوە.