دەستڕێژی گولـلە لە ژمارەیەک جووتیار کرا و ئەم گەنجە کوژرا

ئۆتۆمبێلێك لە جۆری پاترۆڵ دەسڕێژی گولـلەی لە 6 جووتیار کرد، کە لەسەر زەوییەکەیان خەریکی کشتوکاڵ بوون
لە گوندێکی سنووری کەلار دەستڕێژی گولـلە لە ژمارەیەک جووتیاری کورد کرا و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
شەوی ڕابردوو گەنجێک بە ناوی "ڕزگار سەعید عەزیز"، لە گوندی سەوزەبڵاغ (ئاوبارە)ـی سەر بە ناحیەی قۆرەتووەی کەلار، بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە کوژرا و تەرمەکەی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار.
بە گوێرەی گوتەی برای گەنجە کوژراوەکە، کە لە کاتی ڕووداوەکە لەگەڵیدا بووە، ئەوان 6 کەس بوونە و خەریکی کشتوکاڵی مەرەزە بوون، لەناکاو ئوتۆمبێلێک لە جۆری پاترۆڵ هاتووە و دەسڕێژی گولـلەی لێ کردوون و لە ئەنجامدا ڕزگار سەعید عەزیی لەدایکبووی ساڵی 2005، بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەست داوە.
لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەی 406، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە و پۆلیس بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتبارەکە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.