ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکران

لیژنەى باڵاى ئەمنیى هەڵبژاردنەکانى عێراق زانیاری ورد ئاشکرا دەکات
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکران، لیژنەى باڵاى ئەمنیى هەڵبژاردنەکانى عێراق زانیاری ورد ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەى باڵاى ئەمنیى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، لە بەردەوامى هەوڵەکانیان بۆ گرەنتى و ئاسایشى پرۆسەى هەڵبژاردن، هێزەکانى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانی لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتى تێوەگلان لە فرۆشتنى کارتى دەنگدان و دڕاندنى پۆستەرەکانى بانگەشە لە چەند ناوچەیەک دەستگیرکردووە.
لیژنەى باڵاى ئەمنیى هەڵبژاردنەکانى عێراق باس لەوەش دەکات، ڕێکارى یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییەکان بۆ بەدواداچوون و چاودێریى هەر چالاکى و کارێکى نایاسایی بۆ زیانگەیاندن بە پرۆسەى هەڵبژاردن بەردەوام دەبن.