لە ئیدارەی ڕاپەڕین ژمارەیەک سەرۆک شارەوانی نوێ دەستبەکاربوون

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ناوی دەستبەکاربوونی ژمارەیەک سەرۆک شارەوانی نوێی بڵاوکردەوە
بە بڕیاری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ژمارەیەک سەرۆکی شارەوانی نوێ بەوەکالەت دەستبەکاربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گۆڕانکارییەکان لە پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە بڕیاری ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی بووە و فەرمانەکە بۆ ئاڵوگۆڕی لە پۆستی سەرۆکایەتی 6 شارەوانییە کە لە 14ـی تشرینی یەکەم خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئاڵوگۆڕی پۆستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەخاتەڕوو:
-ئارام محەممەد لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بەخشراوە و بەختیار ئەحمەد، بەوەکالەت دەستبەکار بوو.
-بەختیار ئەحمەد لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی هەڵشۆ بەخشراو و سەفا محەممەد ئەحمەد، بەوەکالەت دەستبەکار بوو.
-رێزان خدر لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی ناحیەی ژاراوا بەخشرا و ئیسماعیل عوسمان، بەوەکالەت دەستبەکار بوو.
-حەسەن زرار لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی ناحیەی چوارقوڕنە بەخشراوە و ئاودێر محەممەد رەسووڵ، بەوەکالەت دەستبەکار بوو.
-مەولوود حەمد ئەحمەد لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی سەرکەپکان بەخشرا و سیروان محەممەد، بەوەکالەت دەستبەکار بوو.
-سوارە فەتاح لە پۆستی سەرۆکی شارەوانی حاجیاوا بەخشرا و رەمزی خالید، بەوەکالەت دەستبەکار بوو.