پایتەخت

بە تەرخانکردنی %20ـی داهاتی کێلێ هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێندرێت

بە تەرخانکردنی %20ـی داهاتی کێلێ هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێندرێت
کورتە

قائیمقامی قەڵادزێ جەخت لە ڕەخساندنی هەلی کار دەکاتەوە

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، %20ـی داهاتی دەروازەی کێلێ بۆ پڕۆژە بەردەوام و وەستاوەکانی قەزای پشدەر تەرخان دەکرێت، قائیمقامی قەڵادزێ جەخت لە ڕەخساندنی هەلی کار دەکاتەوە.

 

ئەمڕۆ شەممە بەکر بایز، قائیمقامی قەڵادزێ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ ئاوڕدانەوەی جددی لە قەڵادزێ پێویست بوو بەشێکی داهاتی دەروازەی کێلێ تەرخان بکرێت بۆ پڕۆژە وەستا و بەردەوامەکانی قەزاکە باس لەوەش دەکات، تەرخانکردنی %20ی داهاتی دەروازەی مەرزی کێلێ مانگانە دەبێت.

 

بەگووتەی بەکر بایز، تەرخانکردنەکە تا تەواوکردنی سەرجەم پڕۆژە بەردەوام و وەستاوەکانی قەزای پشدەر بەردەوام دەبێت وادەیەکی کۆتایی دیاریکراوی نییە.

 

پڕۆژە بەردەوامەکانی قەزای قەڵادزێ بریتیین لە ( ڕێگەی دارەشمانە بۆ قەڵادزێ، پردی دەروازەی قەڵادزێ، شەقامی 60 مەتری و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوون).

 

قائیمقامی قەڵادزێ ڕاشیگەیاند، بە تەرخانکردنی داهاتی کێلێ سەرەتا ڕێگەی دارەشمانە بۆ قەڵادزێ تەواو دەکرێت کە پارەی پێویست هەبێت تەنیا لە ماوەی 20 ڕۆژدا تەواو دەبێت و دواتر پڕۆژەکانی دیکە کاریان تێدا دەکرێت.

 

لەبارەی ڕەخساندنی هەلی کار بەکر بایز گووتی: "بە تەرخانکردنی داهاتی مەرزی کێلێ سەدان هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێندرێت و بەرژەوەندی گشتی سوودمەندی سەرەکی دەبێت".

18 تشرینی یەکەم 2025 21:17
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025